en_US
en
off
Mobile View
Desktop View
 
 
 

ماڵپه‌ڕی ڕزگاری

Rizgary.com

 
 
 
 
 
 
 

لێره‌ سه‌رپێچی ئۆتۆمبیله‌كه‌ت بزانه‌

 

بۆ گه‌ڕان له‌ناو ماڵپه‌ڕ له‌خواره‌وه‌ شتێك بنووسه‌

 
 

هه‌موو به‌شه‌كان

 
 
حوكمى مەى خواردنەوە و مەترسى
3163

ته‌ندرووستی:- حوكمى مەى خواردنەوە و مەترسى یەكانى لەڕووى پزیشكیەوە

إِنَّ الحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ وَنَسْتَعِيْنُهُ وَنَسْتَغْفِرُهُ وَنَعُوْذً بِاللهِ مِن شُرُوْڕ أَنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا مَنْ يَهْدِهِ اللهُ فَلا مُضِلَّ لَهُ وَمَنْ يُضْلِلْ فَلا هَادِيَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلاّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَڕيْكَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُوْلُهُ... أَمَّا بَعْدُ:
خواى گەورە لە قورئانى پیرۆزدا دەفەرموێت [ يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ قُلْ فِيهِمَا إِثْمٌ كَبِيرٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ وَإِثْمُهُمَآ أَكْبَرُ مِن نَّفْعِهِمَا ] سورە البقرە (219)، وە دەفەرموێت [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالأَنصَابُ وَالأَزْلاَمُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ] سورة‌ المائدة‌ (90). خواى پەروەردگار فەرمانى داوە لە قورئانى پیرۆز كە خواردنەوەى مەشروب (مەى) حەرامە، هەروەها پێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم دەفەرموێت: " إِنَّ اللَّهَ لَمْ يَجْعَلْ شِفَاءَكُمْ فِيمَا حَرَّمَ عَلَيْكُمْ " (صحيح البخاري ج5 ص2129/14- باب شراب الحلوى والعسل)، واتە: خواى گەورە شیفای ئێوەى دانەناوە لەو شتانەى كە لەسەرى حەرام كردوون، هەروەها دەفەرموێت: " إِنَّ اللَّهَ أَنْزَلَ الدَّاءَ وَالدَّوَاءَ وَجَعَلَ لِكُلِّ دَاءٍ دَوَاءً فَتَدَاوَوْا وَلَا تَدَاوَوْا بِحَرَامٍ " (رواه أبو داود – صحيح- مشكاة المصابيح للألباني ج2 4538)،
واتە خواى گەورە بۆ هەموو نەخۆشى یەك دەرمانێكى بۆ دروست كردووە و نابێت شتێكى حەرام بەكاربهێنن وەكو دەرمان بۆ چارەسەركردنى نەخۆشى.
هەروەها لە روایەتى ڕبو داودەوە لە ڕێگاى سویدى كوڕى طارق (سَأَلَ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ الْخَمْڕ فَنَهَاهُ ثُمَّ سَأَلَهُ فَنَهَاهُ فَقَالَ لَهُ يَا نَبِيَّ اللَّهِ إِنَّهَا دَوَاءٌ قَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَا وَلَكِنَّهَا دَاءٌ) (صحيح – الألباني- سنن أبي داود 4/7 /3873)، 
واتە سویدى كوڕى طارق دوو جار پرسیارى كرد لە پێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم ئایا خواردنەوەى مەى چۆنە و ئایا دەرمانە یان نا، پێغەمبەریش صلى الله علیە وسلم دوو جار قەدەغەى لێ كرد و فەرمووى خواردنەوەى مەى دەرمان نى یە بەڵكو نەخۆشى یە. واتە حیكمەت لە حەرامكردنى خواردنەوەى مەى لەوەیە كە پێكهاتەیەكى زیانبەخشە.
*پێشەوا إبن القیم (یەكێگە لە زانایانى پایە بەرزى پێشووى ئەهلى سوننە و خاوەنى كتێبى "الطب النبوي ") دەڵێت: (مەى خواردنەوە "خمر " زەرەرمەندە بۆ لەش و مێشك و بیركردنەوە بە شێوەیەكى مەترسیدار و زیانەكانى لە بەشەكانى سەر زیاترە و توندترە چونكە زوو بڵاودەبێت بەرەو سەر و هەرچى پێكهاتەى زیانبەخشى ناو لەش هەڵدەگرێت و بەرەو بەشى سەر دەبات، لەبەر ئەوەیە دەبێتە هۆى تێكدانى چالاكی مێشك و بیركردنەوە لەگەڵ ڕوخاندنى هەستى دەمارگەل (ئەعساب)ى گشتى).
لە ڕیوایەتى ئیمامى مسلم هاتووە پێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم فەرموویەتى: " كُلُّ مُسْكِرٍ خَمْرٌ وَكُلُّ خَمْرٍ حَرَامٌ " (صحيح مسلم ج3 ص1588 فەرموودەى ژمارە (2003))،
واتە هەموو سەرخۆشكەرێك خەمرە، وە هەموو خەمرێك (مەى) حەرامە.
هەروەها لە ڕیوايەتى أبو داودەوە هاتووە كە پێغەمبەرى خوا صلى الله علیە وسلم فەرموویەتى: " لَعَنَ اللَّهُ الْخَمْرَ وَشَاڕبَهَا وَسَاقِيَهَا وَبَائِعَهَا وَمُبْتَاعَهَا وَعَاصِرَهَا وَمُعْتَصِرَهَا وَحَامِلَهَا وَالْمَحْمُولَةَ إِلَيْهِ وَآكِلُ ثَمَنَهَا " (سنن أبي داود- ج10 ص96 فەرموودەى ژمارە (3189)،صحيح الجامع- الألباني – صحيح فەرموودەى ژمارە (5091))، واتە خواى پەروەردگار لەعنەتى كردووە لە مەى و لە هەموو ئەو كەسانەن كە مەى دەخۆن و دەیبەخشن و دەیفرۆشن و دەیكڕن و دروستى دەكەن و ئەو كەسانەن كە ئامادەن بۆ گواستنەوەى و ئەوانەن كە بۆیان دەگواسترێتەوە لەگەڵ ئەوانەن كە پارەكەى دەخۆن هەموویان بێ بەشن لە ڕەحم و بەزەیی خواى پەروەردگار.
هۆكارەكان و مەترسى یەكانى مەى لەسەر دەمارگەل (ئەعساب)ى گشتى مرۆڤى تووشبوو
لە بۆچوونى زانستى یەوە، مێشكى مرۆڤ پێكهاتووە لە چەند سەنتەرێكى جیاواز، بەرزترین و یەكەمینى سەنتەرەكانى مێشكى مرۆڤ ئەوەیە كە پێوەندى هەیە لەگەڵ هێزى توانا و خۆڕاگرتن و كردەوەى ڕۆژانەى مرۆڤ لە نێوان كۆمەڵگادا، ئینجا سەنتەرەكانى تێگەیشتن و بیركردنەوە لە ڕیزى دووەم و سەنتەرەكانى فەرمانى ئەنجامدان لەسەر ڕووداوى شتى دەوروبەر لە ڕیزى سێیەم و سەنتەرەكانى بیر (ذاكرة‌) لە ڕیزى چوارەم، ئینجا سەنتەرەكانى كۆنترۆڵكردنى سۆز (عاطفة‌) و هەستەوەر لە ڕیزى كۆتایی بەشەكانى مێشكەوە دێن. وە چونكە زیانەكانى مەى لە بەشى یەكەمى سەنتەرەكانى مێشكەوە بەرەوسەنتەرەكانى خوارەوەى دەردەكەوێت، ئەوا دەبێتە هۆى تێكچوونى سەنتەرەكانى هێزى توانا و خۆڕاگرتن و كردەوەى مرۆڤ لە نێوان كۆمەڵگاوە بە هۆى خواردنەوەى بڕێكى كەم لە مەى لە سەرەتاوە، وە لە دواى زیادبوونى ڕێژەى خواردنەوەى مەى دەبێتە هۆى تێكچوونى سەنتەرەكانى تێگەیشتن و بیركردنەوە، هەروەها لەگەڵ سەنتەرەكانى دیكە بە شێوەی زنجیرە. خواردنەوەى مەى بۆ ماوەیەكى زۆر دەبێتە هۆى لاوازى لە نیشانەى كەسێتى (شخصية) لە هەڵسوكەوتى مرۆڤ تووشبوو بەم حاڵەتە، لەگەڵ لاوازى لە هێزى توانا و چڕنەبوونى بیركردنەوە، هەروەها كەسى فێربوو و ڕاهاتوو لەسەر مەى خواردنەوە قسەكان و بەڵێندانى متمانەپێكراو نین لە پێش و لە پاشى مەى خواردنەوەى. هەروەها نابێتە جێ ى پشت بەستن و دڵنیابوون لە ئیش و كارەكان بە تایبەتى لە كۆنترۆڵ كردنى ئیشى ئابوورى و كارگێڕى سەرەكى.
مەترسى یەكانى خواردنەوەى مەى لەسەر ئەندامەكانى لەش
لە ڕووى پزیشكى یەوە خواردنەوەى مەى مەترسى یەكانى وەكو:
مەترسى مەى لەسەر خانەكان:
خانەكانى ناو لەش ئەگەر ڕێژەى 1% لە ئەڵكووڵ (كحول)ى مەى تیا بوو دەبێتە هۆى كەمى چالاكى و هەروەها خۆراكى هەرسكراو بۆى ناچێت، وە ئەگەر ڕێژەكە زیاتر بوو دەبێتە هۆى ژەهراوى بوونى خانەكانى و مردنى.
مەترسى یەكانى مەى لەسەر دڵ و خوێنبەرەكان:
ڕێژەى 1% لە ئەلكووڵى مەى دەبێتە هۆى زیادكردنى ژمارەى لێدانى دڵ 10 لێدان زیاتر لە خولەكێك و ماسولكەى دڵ ماندوو دەكات، وە ئەگەر لەم ڕێژەیە زیاتر بوو دەبێتە ژەهراوىبوون لە ماسولكەكانى دڵ و تووشبوون بە سینگەسۆتە (ذبحة صدرية‌).
مەترسى یەكانى مەى لەسەر خانەكانى خوێن:
یەك قەترە (دڵۆپە) لە ئەلكووڵى مەى ڕێژەى 1% دەبێتە هۆى زەردبوونى یەك قەترە لە خڕۆكەى سوورى ناو خوێن كە هەڵگرە بۆ ئۆكسجین بۆ خانەكانى لەش و ئامادەیە بۆ دەركردنى گازى دووەمى ئۆكسیدى كاربۆن CO2 بۆ دەرەوەى لەش. واتە ڕەنگى سوورى خوێنەكە ئۆكسجین هەڵدەگرێت بۆ خانەكانى ناو لەش، بەڵام ئەگەر زەردبوو بە هۆى ئەلكووڵى مەى ئەوا دەبێتە هۆى كەمى وەرگرتنى ئۆكسجین O2 لە لایەنى ئەو خڕۆكە سوورانە و تووشبوونى خانەكانى ناو لەش بە خنكاندن (بێ ئۆكسجین) و ماندووبوونى ماسولكەكانى لەش بەخێرا. هەروەها دەبێتە هۆى كەمى چالاكىى خڕۆكەى سپى ناو خوێن و كەمكردنى تواناى بەرگرى لەش دژ بە نەخۆشىى جۆراوجۆر. (جۆرەكانى خرۆكەى سپى تایبەتە بۆ بەرگرى ناو لەش دژ بە میكرۆب).
مەترسى یەكانى مەى لەسەر جگەر:
ئەلكووڵى مەى هۆكارێكى سەرەكى یە بۆ تووشبوون بە نەخۆشى ڕیشاڵبوونى جگەر (تلیف الكبد) كە بریتىیە لە مردن (لەناوچوون)ى ژمارەیەكى زۆر لە خانەكانى زیندووى ناو جگەر بەهۆى ئەلكووڵەوە و دەگۆڕێت بۆ شانەیەكى ڕیشاڵەیى مردوو، وە ئەگەر ڕێژەى ڕیشاڵبوونەوەكە زۆر بوو دەبێتە هۆى مردنى مرۆڤى تووشبوو بەم هۆكارە (ئەمەش زۆرە لە ئەوروپا و ووڵاتانى دەرەوە بەڵام كەمە لە ووڵاتانى موسڵمانان چونكە مەى خواردنەوە حەرامە لە ئایینى ئیسلامى پیرۆز).
مەترسى یەكانى مەى لەسەر كەمكردنى ڕێژەى ڤیتامینەكانى ناو لەش:
مەى خواردنەوە دەبێتە هۆى كەمكردنى ڕێژەى ڤیتامینەكانى ناو لەش بەشێوەیەكى توند بەتایبەتى ڤیتامینی A و ڤیتامینی B و جۆرەكانى لەگەڵ ڤیتامینى C، ئەمەش دەبێتە هۆى دەركەوتنى نەخۆشى یە ترسناكەكان وەكو (بیلازما) و (برى برى) كە ئەنجامەكەى هەڵاوسانە و لاوازبوون لە تواناى چالاكى و ئیشى دڵ، لەگەڵ نەخۆشى (اسقربوط) كە هۆكارێكى سەرەكى یە بۆ ووشكبوونەوەى پێست و نەبینینی هەردوو چاو شەوان لەگەڵ هەوكردنى ناو دەم و زمان و هەوكردنى گلێنە (قرنیە)ى چاو.
مەترسى یەكانى مەى لەسەر پێست:
خواردنەوەى مەى دەبێتە هۆى كەمكردن و لەدەستدانێكى زۆر توند لە ڕێژەى كانزاى زنك Z لە لەشى مرۆڤ و تووشبوونى بە جۆرەهاى نەخۆشى پێست. هەروەها خواردنەوەى مەى نەخۆشى پێستى جۆرى بۆرفیریا زیاد دەكات كە پێست هەستەوەرى زیاد دەكات بەرامبەر بە تیشكى خۆر.
مەترسى یەكانى مەى لەسەر دەركەوتنى پەڵەى سەر پێست:
بە هۆى خواردنەوەى مەى دەبینین جموجۆڵ و پەستانى جل و بەرگ لەسەر پێست دەبێتە هۆى دەركەوتنى پەڵەى سەر پێست. لە توێژینەوەیەكى پزیشكى دەركەوت كە ئەم جۆرە پەڵانە باش دەبێت و دەرناكەوێت ئەگەر كەسەكە وازى هێنا لە مەى خواردنەوە.
زۆر ترسناكى مەى لەسەر هەردوو گورچیلە:
خواردنەوەى مەى دەبێتە هۆكارێك بۆ چەوربوونى هەردوو گورچیلە بە شێوەیەكى نائاسایی، هەروەها دەبێتە هۆى تووشبوونى هەردووكیان بە نەخۆشى (دۆزیما) كە ژەهراوىبوونى میز زیاد دەكات و دەبێتە هۆى مردن.
مەترسى یەكانى خواردنەوەى مەى لەسەر هێز و تواناى جووتبوون:
خواردنەوەى مەى تواناى جووتبوونى مێرد و خێزان زۆر كەم دەكات بە شێوەیەكى ترسناك تاوەكو گەیشتن بە ئاستى خاوبوونەوەیەكى گشتى لە لەشدا بە هۆى خاوبوون و لاوازى لە دەمارگەلى (ئەعساب)ى گشتى سەنتەرەكانى سەرەوە و خوارەوەى لەش، هەروەها لە توێژینەوەیەكى پزیشكى دەركەوت كە مەى دەبێتە هۆى سستى یەكى زۆر توند لە چالاكى گونى مێرد لە دروستكردنى تۆى نێڕینە، وە دەبێتە هۆى نەمانى تۆكەى (مەنى) و تووشبوونى بە نەزۆكى (ئەمەش بە هەمان شێوە و هۆكار لە خێزانەوە).
مەترسى یەكانى مەى لەسەر قوڕگ:
خواردنەوەى مەى دەبێتە هۆى تووشبوون بە جۆرەها هەوكردنى توند یان درێژخایەن لە دەم و لە قوڕگ لەگەڵ هەوكردنى لوولەى گەروو (بلعوم) و سورێنجك و تەسكبوونیان و تووشبوونى كەسەكە بە خنكاندنێكى چەندبارەبوو.
مەترسى یەكانى خواردنەوەى مەى لەسەر كۆمەڵگا:
خواردنەوەى مەى كێشەیەكى زۆر دروست دەكات لە نێوان كۆمەڵگادا، ئەو كەسە كە مەى دەخوات وا دەزانێت كە لە دواى مەى خواردنەوە دەبێتە كەسێكى شاد و دڵسۆز و دڵى خۆش دەبێت و پێكەنینی زیاد دەكات، بەڵام لە ڕاستى یە لە دوایى بۆى دەردەكەوێت كە ئەم دڵخۆشبوونە كاتىیە و تەنها لە سەرەتاى مەى خواردنەوە وایە بە هۆى خاوكردن و سڕكردنى مێشكى بە ئەلكووڵى مەى، ئینجا لە دواى ئەوە دەبێتە كەسێكى دیكە هەست بە گۆشەگیرى (انطواء) و خۆدوورخستنەوە و دادەبڕێت لە كەسانى دەوروبەرى و حەز لە تەنیایی دەكات، ئینجا دەبێتە كەسێكى شەڕ فرۆشى دەست درێژكەرى توند و قینەى زیاد دەكات بەرامبەر بە كۆمەڵگاكەى و زۆر بە توندى دژایەتى كەسانى دەوروبەرى دەكات، هەروەها تواناى ئەنجامدانى ئیش و كارەكانى زۆر كەم و لاواز دەبێت و دەبێتە كێشەیەك لەسەر كۆمەڵگاكەى بۆ بەخێوكردنى و چارەسەركردنى.
كێشەكانى دیكەى خواردنەوەى مەى لەسەر كۆمەڵگا:
كەسانى تووشبوو بە خواردنەوەى مەى لەشى منداڵەكانیان لاواز و ناساغ دەبێت و مێشكیان ناتەواوە و بۆچوونیان زۆر دەبێت بەرەو ڕەفتارى نایاسایی بۆ پەلاماردانى كەسانى دەوروبەریان و ئەنجامدانى كارى ناشەرعى لە نێوان كۆمەڵگا. هەروەها دەبینین ئەگەر كۆمەڵگا ژمارەى لاوانى تووشبوو بە مەى خواردنەوە زۆر بێت بە شێوەى گشتى ئەوا دەبێتە كۆمەڵگایەكى خراپ و دواكەوتوو لە ڕەوشت و ئەم جۆرە لاوانە متمانەپێكراو نین بۆ پشتگیرى كردن لە كۆمەڵگاى خۆیان و ناتوانن كۆمەڵگاكە بەهێز بكەن چونكە دەبنە خاوەن ماڵ و خێزانێكى لاواز و نائاسایى یە.
زۆر ترسناكى مەى خواردنەوە لەسەر لێخوڕینى ئۆتۆمبیل:
زۆربەى كارەساتەكانى ئۆتۆمبیل بەهۆى خواردنەوەى مەى ڕوودەدات. لە توێژینەوەیەكى زانستى دەركەوت كە بە نەهێشتن و قەدەغەكردنى لێخوڕینى ئۆتۆمبیل لە لایەنى كەسانێكى تووشبوو بە مەى خواردنەوە بوو بە هۆكارێكى سەرەكى بۆ كەمكردنى ڕێژەى كارەساتەكانى ئۆتۆمبیل بە ئاستێكى زۆر بەرز.
دوایین ووتە
لە كۆتاییدا پێویستە ئەو كەسانەى كە تووشى كێشەى مەى خواردنەوە بوونە بزانن كە لە دواى ماوەیەكى كەم لە ئەنجامدانى ئەم كارە خراپە تووشى سستبوونێكى زۆر دەبن لە پەیوەندیان لەگەڵ كەسانى دەوروبەریان بەتایبەتى دایك و باوك و خێزان لەگەڵ دابەزینی ئاستى تێگەیشتن و تواناى بیركردنەوە لەگەڵ لەبیرچوونى قسە و دووبارەكردنى خوێندنى دێڕى بابەتەكە بۆ چەند جارێك بە شێوەیەكى نائاسایی بۆ تێگەیشتن و ئەمەش هەمووى نیشانەی تووشبونیان بە لاوازییەكى زۆر توندى ترسناك لە ماسولكەكانى گشتى لەش، وە ئەم قۆناغە دەبێتە سەرەتاى دەستپێكردن بە تووشبوون بە جۆرەهاى نەخۆشى وەكو لە بەشەكانى سەرەوەى ئەم بابەتە ڕوون كراوە. هەروەها تووشبوونیان بە نەخۆشى شەكرە كە دەبێتە هۆى قاچ بڕینیان بە بێ بەنج چونكە لەشیان هیچ جۆرە بەنجێك وەرناگرێت لە كاتى نەشتەرگەرى وئازاریان بەردەوامە وەكو ئەو حاڵەتانە كە بە شێوەى ڕۆژانە لە نەخۆشخانە دەبینرێت.
خواى پەروەردگار لە قورئانى پیرۆز دەفەرموێت: [ إِنَّمَا يُرِيدُ الشَّيْطَانُ أَن يُوقِعَ بَيْنَكُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاء فِي الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ وَيَصُدَّكُمْ عَن ذِكْرِ اللّهِ وَعَنِ الصَّلاَةِ فَهَلْ أَنتُم مُّنتَهُونَ ] سورة المائدة (91)، واتە شەیتان هەوڵدەدات دوژمنایەتى و دووبەرەكى و ڕق و كینە بخاتە نێوانتانەوە بە مەى خواردنەوەیان و دوورخستنیان لە زیكرى خوا و لە نوێژ، وە خواى گەورە فەرمانى داوە بە وازهێنان و خۆدوورخستنەوە لە خواردنەوەى مەى و دەبێت موسڵمانى تووشبوو خۆى بپارێزێت لەم كارە حەرامە بە تەوبە كردن و جێبەجێكردنى فەرمانى خواى پەروەردگار بۆ ڕزگاربوون لە ئازارى دونیا و ئازارى دۆزەخ لە دواڕۆژدا.
والسلامُ عليكم ورحمةُ الله وبركاته 

//code.tidio.co/dk0v6qcnjjyv4rcxieygs2ir6lcnmclk.js