en_US
en
off
Mobile View
Desktop View
 
 
 

ماڵپه‌ڕی ڕزگاری

Rizgary.com

 
 
 
 
 
 
 

لێره‌ سه‌رپێچی ئۆتۆمبیله‌كه‌ت بزانه‌

 

بۆ گه‌ڕان له‌ناو ماڵپه‌ڕ له‌خواره‌وه‌ شتێك بنووسه‌

 
 

هه‌موو به‌شه‌كان

 
 
مانگه‌ كوردییه‌كان بزانه‌
4389
 

زۆر جار لێره‌و له‌وێ کامێرای مێدیای کوردی ده‌چێته به‌رده‌م خه‌ڵکی کوردستان‌و پرسیاری مانگه‌ کوردییه‌کانیان لێده‌کا. به‌ڵام به‌داخه‌وه که‌متر جار یا باشتره بڵێین که‌متر که‌س هه‌بووه وەڵامی ڕاست بداته‌وه‌و به چاکی‌و به بێ هه‌ڵه مانگه کورییه‌کان نێو به‌رێت. جاریواشه به تێکه‌ڵی‌و به هه‌ڵه ده‌یانژمێرن‌و هیندێک جاریش هه‌یه به نیسان، ته‌موز، کانون، ئادار‌و چی‌و چیان هه‌ڵده‌ده‌‌ن!
بۆیه به پێویستم زانی له ڕێگه‌ی وه‌ها بابه‌تێكه‌وه ئه‌و جوره‌ی که خۆم لێی حاڵیم‌و تێیگه‌یشتووم، ناوی مانگه کوردییه‌کان بخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌رانی خۆشه‌ویستی ئه‌و بابه‌ته‌و ئاوڕێک له ناو و چۆنیه‌تی نێودێر کردنی ئه‌و مانگانه بده‌مه‌وه.
سه‌ره‌تا با ئه‌وه بڵێم که ناوی مانگه‌کان هه‌م له ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کان و هه‌م له ده‌ور‌و زه‌مانه‌ جیاوازه‌کاندا به‌درێژایی مێژوو به ڕاده‌ی زمان‌و زاراوه‌کان جیاوازیان هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی زانیاری ئێمه ئیزن ده‌داو مێژوو‌ش هه‌ته‌رێ ده‌کا، ساڵ‌و مانگه‌ کوردییه‌کان له زه‌مانی دامه‌زرانی یه‌که‌م حکوومه‌تی ماده‌کان به ده‌ستی دیاکۆ ـ پاشای ماد ـ له‌دایک بوونه.
به‌و جیاوازییه که له زه‌مانی کۆماری کوردستاندا، مانگه‌ کوردییه‌کان به له‌به‌رچاو گرتنی سروشتی کوردستان نێودێر کراون.
ئه‌مساڵ ساڵی ٢٧١٤ی کوردییه. به‌و واتایه که ٢٧١٤ ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی یه‌که‌م حکوومه‌تی ماد،دا تێده‌په‌ڕێت.
ساڵ١٢ مانگ و ٤ وه‌رزه که بریتین له به‌هار، هاوین، پاییزو زستان. هه‌روه‌رزه‌ی ٣ مانگەو هه‌رمانگه‌ش ٢٩، ٣٠ یا ٣١ ڕۆژه. مانگه‌کانی به‌هارو هاوین ٣١ ڕۆژ، ٣ مانگی پاییزو ٢ مانگی زستان ٣٠ ڕۆژه، به‌ڵام مانگی ئاخیری زستان واته مانگی ڕه‌شه‌مه ٢٩ ڕۆژه.
ساڵ٣٦٥ ڕۆژ و ٦ کاتژمێره. واته له‌و ماوه‌دا زه‌وی یه‌کجار به‌ده‌وری ڕۆژدا ده‌سووڕێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ٦ کاتژمێره که له چوار ساڵدا ده‌بێته یه‌ک شه‌و وڕۆژ، کێشه درووست نه‌کا، هه‌ر چوار ساڵ جارێک مانگی ڕه‌شه‌ممه ده‌بێته ٣٠ ڕۆژ که پێیده‌ڵێن ساڵی که‌بیسەو ٣٦٦ ڕۆژه. واته یه‌ک ڕۆژی زیاتره. ساڵی که‌بیسه یانی ساڵی گه‌وره یان پڕکراو و نێو ئاخندراو.ی‌ی
نه‌ورۆز
ئاگری نه‌ورۆز / ڕۆژی چوارشه‌ممه‌سووری
سه‌ره‌تای به‌هار به نه‌ورۆز ده‌ست پێده‌کا که جێژنی هاوبه‌شی کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانەو به ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ناسراوه. له نه‌ورۆزدا، له هیندێک شوێنی کوردستان، ته‌نیا سێ ڕۆژ پشووی ڕه‌سمی ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ. به‌ڵام نه‌ورۆز ١٢ ڕۆژه که سێزده‌هه‌مین ڕۆژی، خه‌ڵک ده‌یکه‌ن به جیژنی کۆتایی نه‌ورۆزو ڕوو له ده‌شت‌و ده‌ر ده‌که‌ن. سێزده‌ به‌ده‌ریش هه‌ر به‌و واتایه هاتووه. سێزده + به‌ده‌ر. ده‌ر که پێچه‌وانه‌ی ژووره، هه‌مان ده‌شت‌و ده‌ر یان ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانییه.
که‌واته ڕۆژی سێزده خه‌ڵک له شار‌و ئاوه‌دانی به‌ده‌ر ده‌بن‌و ڕوو له ده‌شت‌و ده‌ر ده‌که‌ن.
هیندێک که‌س له‌وه به‌رزتر هه‌ڵده‌کشێن‌و به هه‌ڵه به مانگی یه‌که‌می به‌هار ده‌ڵێن نه‌ورۆز!!
سه‌لماندنی ئه‌و هه‌ڵه‌یه باسێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێ که ئێستا مه‌به‌ستی ئه‌و بابه‌ته له خۆ ناگرێ. بۆیه خۆ له شه‌رح‌و شرۆڤه‌ی ئه‌و بواره‌ ده‌بوێرین.
وه‌رزی به‌هار سێ مانگه که هه‌ر مانگه‌ی ٣١ ڕۆژه. ئه‌و مانگانه بریتین له:
١ ـ خاکه‌لێوه
خاکه‌لێوه له‌و واتایه‌وه هاتووه که زه‌وی بۆش‌و کلۆر ده‌بێته‌وه. خاک لێو ده‌کاته‌وه هه‌تا غونچه له خاک سه‌ر ده‌ربێنێ‌و مزگێنی به‌هارو بۆژانه‌وه‌ی سروشت به خه‌ڵک بدات. وه‌ک مامۆستا هه‌ژار ده‌ڵێ:
مزگێنی دا به سروه بای بەهاری
وا هاتەوه نەورۆزی کوردەواری
به تیشک تێک شکا سوپای کرێوه
هەواری رۆژ گەیشته خاکه لێوه
فەرمان درا به سەوزه سەر هەڵێنێ
چیدی له بەندی خاکی رەش نەمێنێ
بادەرکەون،کوڵ و که سەر بنێژن
با رۆژی رزگاری بکه ن به جێژن
له‌و مانگه‌دا هێشتا سه‌رما شروشتی به جێ نه‌هێشتووەو به‌فر له‌سه‌ران و به‌نوانه‌وه ماوه. ورده باو باهۆز، نم‌و سۆزی سه‌رمای به‌فری سه‌ران ده‌گه‌ڵ خۆی دێنێته‌ بێڵایی‌و نایه‌ڵێ سه‌رما یه‌کجاری ده‌ستهه‌ڵگری سروشت بێت. ته‌ڕوتووشی ده‌ست پێده‌کاو به‌فره‌کان به‌ره‌به‌ره ده‌توێنه‌وەو سه‌رما ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر و زۆرتر له بڕست ده‌که‌وێ. ئه‌وجار گه‌رما هێورهێور خۆ ده‌رده‌خات.
٢ ـ بانه‌مه‌ڕ ( گوڵان)
هه‌ر وه‌ک گووترا، مانگی سه‌ره‌تای به‌هار سه‌رما بڕێک گڕوتینی هه‌ر ده‌مێنێ. که‌متر مه‌ڕو ماڵات ده‌توانێ له هۆڵ و ته‌ویله وه‌ده‌ر که‌وێ. ئه‌گه‌ریش وه‌ده‌رکه‌وت، ناتوانێ شه‌و له ده‌رێ به هۆی باران‌و ته‌زووی سه‌رما خۆ بگرێ. به‌ڵام کاتێ مانگێک له به‌هار ده‌چێ، هه‌واوبان خۆشتر ده‌بێ‌و گڕوتینی گه‌رما ده‌وڵاتی ده‌گه‌ڕێ. جا ئه‌وکات په‌له‌وه‌ر به‌‌بێ کێشه له ده‌ر‌و ده‌شت ده‌مێنێته‌وه. ڕان‌و مێگه‌له مه‌ڕ شه‌وبه‌کێو ده‌بن‌و به شاخ و کێوان هه‌ڵده‌گه‌ڕێن. چونکه خه‌می گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو هۆڵ و ماڵیان نییه. به‌وه ده‌گووترێ بانه‌مه‌ڕ واته مه‌ڕ ده‌چێته بان و شوێنه دووره‌کانی چیا.
له‌و لاشه‌وه به‌و مانگه ده‌گووترێ گوڵان. یانی کاتێ له مانگی پێشوودا خاک ده‌م ده‌کاته‌وه، له‌و مانگه‌شدا گوڵ سه‌رده‌ردێنێ‌و سروشت له گوڵ وجوانیدا ده‌خه‌مڵێ.
مامۆستا هێمن له وه‌سفی ئه‌و مانگه‌دا ده‌ڵێ:
بژوێنه هه‌موو وڵات
زیندوو بۆته‌وه ماڵات
جه‌نگه‌ی بانه‌مه‌ڕێ هات
به‌ره‌و کوێستان چوو خێڵات
٣ ـ جۆزه‌ردان
جۆزه‌ردان مانگی سێهه‌می به‌هاره. له‌و مانگه‌دا رووی سروشتی شین‌و دارماڵ له سه‌وزایی، به‌هۆی گه‌رمی هه‌تاوه‌وه زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌و سه‌وزایی به‌هار به ئاوزینگی مه‌رگ ده‌سپێری.
گه‌نم و نۆک ده‌که‌ونه فه‌ریکه‌و جۆ ده‌گه‌نێ و دروێنه‌ی جۆ ده‌ست پێده‌کات.
ئاخرین ڕۆژی ئه‌و مانگه درێژترین ڕۆژ و، شه‌وه‌که‌شی کورت‌ترین شه‌وی ساڵه.
مانگه‌کانی هاوین ( ئه‌وانیش ٣١ ڕۆژن)
١ ـ پووشپه‌ڕ
پووشپه‌ڕ مانگی یه‌که‌می هاوین‌و یه‌که‌م ڕۆژی چله‌ی هاوینه. هه‌ر وه‌ک گووترا له مانگی ئاخیری به‌هار واته جۆزه‌رداندا شروشت زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ. ورده ورده زه‌ردتر ده‌بێ‌و تا ده‌گاته مانگی دواتر واته پووشپه‌ڕ، به‌وپه‌ڕی لاوازی‌و بێهێزی خۆی ده‌گا. بۆیه له‌و مانگه‌دا گیاوگۆل‌و پووش‌و په‌ڵاش له بێهێزی لاسکی ده‌په‌ڕی‌و لاشه‌ی تخێڵی زه‌وی ده‌بێ. ده‌بێته قه‌رسیل‌و قانگه‌لاشکه‌و به‌ده‌م گێژه‌ڵووکه‌و شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه، ده‌خزێته که‌ند‌و قوڵکان و پێخوست ده‌کرێ.
له‌و مانگه‌دا ورده ورده گه‌نم‌و نۆک ده‌گه‌نێ‌و به‌ره به‌ره ده‌ست به دروێنه‌و ده‌سکه‌نه ده‌کرێ.
له یه‌که‌م ڕۆژی ئه‌و مانگه واته یه‌که‌م ڕۆژی هاوینه‌وه، ڕۆژه‌کان له کورتێ ده‌ده‌ن و شه‌وه‌کانیش درێژ ده‌بنه‌وه. تا شه‌وی یه‌لدا که درێژترین شه‌وی ساڵه.
٢ ـ گه‌لاوێژ
گه‌لاوێژ دووهه‌م مانگی وه‌رزی هاوینه که به‌داخه‌وه له کوردستانی باشوور به هه‌ڵه به سێهه‌م مانگی هاوینی ده‌زانن. واته جێگای گه‌لاوێژ و خه‌رمانان جێگۆڕکێی پێکراوه.
کاتێ ٤٥ ڕۆژ هاوین ده‌چێ، ئه‌ستێره‌یه‌ک له شه‌وه‌زه‌نگدا واته ئه‌وکاته‌ی شه‌و شه‌ق ده‌بێ، له ئاسمانێ ده‌رده‌که‌وێ و له‌و ڕۆژه‌ به‌دواوه شه‌وانه له ئاسمان ده‌بینرێت. ئه‌و ئه‌ستێره ساڵێ جارێک، ئه‌ویش ڕاست له چل‌وپێنجه‌مین شه‌وی هاویندا ده‌نگووی.
کاتێ گه‌لاوێژ ئه‌نگووت، بۆ سبه‌‌که‌ی هه‌وا ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و فێنکی ده‌چێ. ڕۆژه‌کان قوڵه‌و قوڵه‌تر ده‌بنه‌وه‌و شه‌وه‌کانیش درێژ‌و درێژتر. ئاو ورده ورده سارد ده‌بێ. گه‌رما به‌ره‌ به‌ره له گڕوتین ده‌که‌وێ. به‌ری به‌یانان له جیاتی شه‌ونه‌م، خوس‌و سیخوار ده‌که‌وێ که له ناوچه‌ ئێمه زوخم‌،یشی پێده‌ڵێن. ڕاست له سه‌روبه‌ندی گه‌لاوێژدا چله‌ی هاوین که چل ڕۆژه، ته‌واو ده‌بێت‌و گه‌رما ورده ورده له گڕوتین ده‌که‌وێت.
ئه‌وێ شه‌وێ گه‌لاوێژ ده‌نگووی، کورت بوونه‌وه‌ی ڕۆژه‌کان و درێژبوونه‌وه‌ی شه‌وه‌کان زیاتر هه‌ست پێده‌کرێ. بۆیه ناکرێ (وه‌ک باشوورییه‌کان کردوویانه) جێگای گه‌لاوێژ بگۆڕین‌و بۆ شوێنێکی دیکه‌ی ڕاگوێزین.
٣ ـ خه‌رمانان
خه‌رمانان مانگی سێهه‌می هاوینه. له‌و مانگه‌دا خه‌لەو خه‌رمان خڕده‌کرێته‌وه. کاتی کۆکردنه‌وه‌ی به‌هرەو به‌رهه‌می جووتیاران‌و وه‌رزێڕانه که به‌درێژایی ساڵ چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن. دیاره له قه‌دیمدا، بەهۆی نه‌بوونی که‌لوپه‌ل‌و که‌ره‌سته‌ی پێویست‌و پێشکه‌وتوو، دروێنه‌و هاتنه‌ به‌رهه‌می کشتوکاڵ وه‌دره‌نگی ده‌که‌وت. زۆرکه‌س هه‌بوو بەهۆی مڵک‌وماشی زۆر، مانگێک، یان مانگ‌‌و نیوێک وه‌دوا ده‌که‌وت که ڕاست به‌روجێخون ده‌که‌وته مانگی خه‌رمانان. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و مانگه به ناوی خه‌رمانان کراوه.
دیاره ئه‌وه‌نده‌ی بیر‌و ته‌مه‌نی من ئیزنم پێده‌دا‌و وه‌بیرم دێ، ئه‌وکاتی له‌و مانگه‌دا خه‌رمان لێده‌دران. گێره‌ی پاتاڵیان داده‌به‌ست. کڵۆشیان به‌ده‌وری خۆیاندا پان ڕاده‌کرد‌و ماڵاتیان به‌ یه‌که‌وه گری ده‌دا‌و له‌سه‌ر ئه‌و کڵۆشه‌یان ده‌گێڕا تا له ژێر پێیاندا ورد ده‌بوو. پاشان هه‌ڵیانده‌وه‌ژارد هه‌تا کا‌و دانیان تاڕاده‌یه‌ک لیک ده‌کرده‌وه. ئه‌وجار خه‌یانیان هه‌ڵده‌دایه‌وه‌و کاتێ بای ده‌هات، خه‌یانیان هه‌ڵداویشت‌و ئه‌وجار باڵه‌که‌ویان ده‌کرد. تا به‌م جۆره گه‌نمه‌که قاڵ ده‌بۆوه. سووری گه‌نمیان هه‌ڵده‌گرت، زمهه‌ڕی ساڵیان داده‌‌خست‌و باراشیان لێده‌کرد. ئه‌گه‌ر زێده ده‌بوو، ده‌چاڵیان ده‌کرد‌و چاڵیان پێداده‌خست. هه‌رکات پێویست بایه، چاڵیان ده‌ردێنا‌و باراشیان بۆ ئاشی ده‌برد.
هه‌ر له‌و مانگه‌دا کا ده‌کێشران، سواخی سه‌ربانان ده‌کران. به‌رومه‌زرا به‌ته‌واوی به‌ڕه‌ڵا ده‌بوون‌و جووت‌و گا له مانگی پاشترڕا ده‌ستیان به پاییزه کێڵان ده‌کرد.
به‌ڵام کاتێ " خرمنکوب" یا خه‌رمانکوب‌ به‌ چه‌ند شێوه وه‌ده‌ر که‌وت، ماڵاتی به‌سته‌زمان حه‌سایه‌وه‌و له‌کۆڵ ئه‌و بێگارییه بۆوه. بۆ خۆی دان‌و کای جیا ده‌کرده‌وه‌و دانه‌که‌‌ش ته‌نیا قوونه‌که‌وێکی ده‌ویست که به‌ سه‌ره‌د‌و دارگیر ده‌کرا.
له‌ودوایانه‌دا وه‌ک جاران نه‌مابوو. هه‌ر له دووهه‌م مانگ واته گه‌لاوێژدا، جێخون هه‌ڵده‌گیران و کا ده‌کێشران. زۆربه‌ی لادێیه‌کان سه‌ربانه‌کانیان وه‌کوو شار، به قیره‌تاو یان ئیزوگام داپۆشرابوو و پێویستی به سواخ و سوانه و باگردان له ترسی دڵۆپان نه‌مابوو. ئێستاکه به‌داخه‌وه ده‌مێکه به‌باشی ئاگام له‌و دۆخه نه‌ماوه‌و نازانم چه‌نده به‌ره‌و پێش هه‌ڵکشاوه.
سێ مانگه‌ی پاییز
١ ـ ڕه‌زبه‌ر
ڕه‌زبه‌ر مانگی یه‌که‌می پاییزه. وه‌ک له ناوه‌که‌یرا دیاره، بەمانای هاتنه به‌روبوو و به‌رهه‌م هێنانی باخ‌و ڕه‌زه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیانوایه که له‌و مانگه‌دا باخ‌و ڕه‌ز له‌به‌ر ده‌که‌ون!
دیاره ترێی خه‌لیلی له نێوه‌ڕاستی مانگی خه‌رمانان پێده‌گا‌و ئه‌وانی دیکه هیندێکیان ترش‌و شیرین‌و زۆربه‌یان هێشتا هه‌ر قۆره‌ن‌. به‌ڵام له‌ مانگی ڕه‌زبه‌ردا به گشتی هه‌موو جۆره‌کانی ترێ ده‌گاتێ‌و ئاماده‌ی ڕنین‌و به‌رهه‌م هاتن ده‌بێت.
له‌و مانگه‌دا، جاڕ‌و به‌یار به‌ڕه‌ڵا ده‌بن‌و په‌رێز ده‌کێڵدرێنه‌وه. ورده ورده وه‌رزێڕان ده‌ست به چاندن ده‌که‌ن‌و قازوقورینگ به قاڕوقیڕ هه‌واڵی پاییز بۆ سروشتی زوێر و زیز دێنن. ئه‌وجار ڕه‌پسته شین ده‌بنه‌وه‌و ده‌بنه‌ مه‌کۆی چاوه‌ڕێی ساڵێکی دیکه‌ی کاکی جۆتیار.
٢ ـ خه‌زه‌ڵوه‌ر ( گه‌ڵاڕێزان)
خه‌زه‌ڵوه‌ر مانگی دووهه‌می پاییزه. له‌و مانگه‌دا که سروشت زیز‌و زوێره‌و گه‌ڵای داران زه‌واڵ‌و زه‌ردن. بای شه‌ماڵ هه‌ڵی ده‌کاتێ‌و به‌رگ‌و گه‌ڵا‌ی دار‌و ده‌وه‌ن، به نابه‌دڵی جیا ده‌کاته‌وه‌و ده‌‌یخاته سه‌ر زه‌وی. به‌یانان سارد‌و سه‌رمابردووه و گه‌ڵای دار و ده‌وه‌ن، ده‌که‌وێته به‌ر پێیان. شه‌خته له ئاخرو ئۆخره‌کانی ئه‌و مانگه‌دا خۆ ده‌ر ده‌خا و به‌پیر مانگی سه‌رماوه‌زه‌وه‌مان ده‌بات.
٣ ـ سه‌رماوه‌ز
کاتێ سروشت زیز‌و زوێر ده‌بێ‌و په‌لک‌و گه‌ڵای دارو ده‌وه‌ن داده‌ڕمێ، زه‌وی چاوه‌ڕوانی ته‌وژمی سه‌رما‌و سۆڵ‌و زستانی کاس‌و سڕ ده‌کات. خۆی به پێشوازی زستانه‌وه ده‌چێ‌و ته‌ڕ‌و تووشی ده‌ست پێده‌کات. باران به خوڕ‌و جاریواشه بێ‌نێوه‌دان، توڕه‌یی سروشت ده‌نوێنێ. جاریوایه چه‌ند شه‌و و چه‌ند ڕۆژ لێیناکاته‌وه. لێوی کێوه‌کان ورده ورده بار ده‌گرێ و به‌فر سپی پۆشیان ده‌کات. ئه‌وجار ورده ورده ده‌خزێته به‌نده‌نێ‌و داوێنی کێوه‌کان ده‌گرێته‌وه‌و زۆر جاریش خۆ به ئاوه‌دانی داده‌کا‌و وه‌ک میوانێکی نه‌خوازراو وه‌ژوور ده‌که‌وێ. ئیدی ئه‌وڕۆژه‌یه که ده‌ڵێن به‌ڕه‌ی فه‌قیری دڕا. واته فه‌قیر لێی قه‌وما‌و ده‌ره‌تانی کاسپی‌و په‌یدا کردنی بژێوی ژیانه نه‌ما. ئه‌وه‌ی له‌و چه‌ند مانگه‌دا په‌یدای کردووه ده‌بێ فریای که‌وێ‌و ئه‌و چه‌ند مانگه سه‌رماو سۆڵه‌ی پێ‌ده‌رباز بکات. ته‌یر‌و تیور، مه‌ل‌و ئاژه‌ڵه‌کێوی، ئاوه‌شی‌و ته‌وڕا ده‌بن. هیندێک به‌ره‌و گه‌رمه‌لانێ سه‌رهه‌ڵده‌گرن‌و هیندێکی دیکه‌ش خه‌ونووچکه‌ی زستان ده‌یانباته‌وه ده‌گه‌ڵ نکبه‌تی خۆیان له‌ناو ڕه‌وه‌ز، ئه‌شکه‌وت، هیڵانه، که‌لێن‌و کولێن‌و‌.... هه‌ڵده‌که‌ن. ‌
ئاخیرین شه‌وی ئه‌و مانگه واته شه‌وی یه‌که‌م ڕژی زستان شه‌وی یه‌ڵدایه. شه‌وی یه‌ڵدا درێژترین شه‌وی ساڵه. ئه‌وجار له مانگی داهاتوودا شه‌وه‌کان قوڵه‌تر و ڕۆژه‌کان درێژ ده‌بنه‌وه تا ده‌گاته نێوه‌ڕاستی هاوین که درێژترین ڕۆژی ساڵه. ( پێشتر باسی لێکراو)
مامۆستا نالی ده‌ڵێ:
شه‌وی یه‌لدایه‌ یا ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و!
که‌دیده‌م دوور له‌تۆ بێ‌نووره‌ ئه‌مشه‌و
دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله‌ قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره‌ ئه‌مشه‌و
دڵیش مایل به‌دیده‌ی تۆیه‌، بۆیه‌
له‌من وه‌حشی و ڕه‌میده‌ و دووره‌ ئه‌مشه‌و
که ‌تۆی شای که‌چ‌کولاهی دیده‌مه‌ستان،
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌خفووره‌ ئه‌مشه‌و
له‌خه‌و هه‌ڵساوه‌ یا ئاڵۆزه‌ چاوت؟
هه‌میشه‌ وایه‌ یا مه‌خمووره‌ ئه‌مشه‌و؟
سوروشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
که‌جێم سه‌رداره‌که‌ی (مه‌نسوور)ه‌ ئه‌مشه‌و
موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی «نالی«
له‌کونجی بێ‌که‌سی مه‌هجووره‌ ئه‌مشه‌و
مانگه‌کانی زستان
١ ـ به‌فرانبار
به‌فرانبار هه‌روه‌ک له ناوه‌که‌یڕا دیاره، یانی مانگی بارینی به‌فرو ته‌وژمی سه‌رمای زستان. وڵات به‌ته‌واوی سپی‌پۆش ده‌بێ‌و زه‌وی له ژێر ته‌وژمی سه‌رمادا فرجه‌ی لێده‌بڕێ. سه‌رما په‌لامارو هروژم دێنێ و خۆ به هه‌موو شوێنێک داده‌کات. له‌و ناوچانانه‌ی به‌فرگرن، یه‌کجار زۆر ده‌بارێ. زۆر جار له یه‌ک یا دوو میتر تێده‌په‌ڕێ.
ده‌گه‌ڵ یه‌که‌م ڕۆژی زستان واته یه‌که‌م ڕۆژی مانگی به‌فرانبار، چله‌ی گه‌وره ده‌ست پێده‌کات که چل ڕۆژ ده‌خایه‌نێ. پاشان چله‌ی چووکه ده‌ست پێده‌کا که ئه‌ویش بیست ڕۆژه که سه‌رجه‌م ده‌بێته ٦٥ ڕۆژ. سه‌رماو سه‌خڵه‌تی زستان له‌و دوو چله‌یه‌دا خۆ ده‌نوێنێ. پاشان هه‌وا هێور ده‌بێته‌وه‌و ته‌زووی ده‌شکێت‌و له گڕوتین ده‌که‌وێت.
٢ ـ ڕێبه‌ندان
هه‌روه‌ک باسکرا، له مانگی به‌فرانباردا، به‌فر زۆر ده‌بارێ. له‌ ڕێبه‌ندانیشدا به‌فرباری هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. تاو نا تاوێکی یا ده‌م نا ده‌مێکی لێی ده‌کاته‌وه‌و ئاسمان ساماڵ ده‌بێ. ئه‌وشه‌وانه‌ی ئاسمان ساف‌و ساماڵه، سه‌رما به به‌رزترین پله‌ی خۆی ده‌گا. زه‌وی یه‌کپارچه ده‌بێته سه‌هۆڵ‌و به‌سته‌ڵه‌ک. ده‌ڵێن تفێ هه‌ڵاوێی ده‌یبه‌ستێ. ئه‌وه ڕاست ئه‌وکاتانه‌یه که هه‌وا ساماڵه‌و سافه. سه‌رما ته‌ڕایی له به‌فر ده‌بڕێ‌و به‌فر سووک‌و سووکتر ده‌بێ. با‌و باهۆز تاوناتاوێکی هه‌ڵی ده‌کاتێ و کێژه‌ڵووکه‌ی له به‌فرێ ساز ده‌کا که پێیده‌ڵێن باڕن. باڕن به‌فری سه‌ران هه‌ڵده‌گرێ‌و ده‌که‌لێنانی ده‌په‌ستێوێ.ڕێگه‌وبانان ده‌به‌ستێ‌و هامووشۆ دژوار ده‌کات. بۆیه ڕێبه‌ندانی ناوه.
مامۆستا هێمن ده‌ڵێ:
ڕێبه‌ندان دیسان هاتیه‌وه‌ سه‌رمان
ڕه‌قمان هه‌ڵێنی دیسان له‌ سه‌رمان
به‌ سۆزه‌ی زریان پیاوی ده‌که‌ی سڕ
به‌ کڕێوه‌ و باکوت ئاژه‌ڵ ده‌که‌ی قڕ
٣ ـ ڕه‌شه‌مه
ڕه‌شه‌مه یانی ڕه‌شانگ‌و ڕه‌شاتی. واته ڕه‌ش بوونه‌وه زه‌وی دوای ئه‌وه‌ی به به‌فر سپی‌پۆش کرابوو. کاتێ ڕێبه‌ندان و هه‌ردووک چله‌ی گه‌وره‌‌و چووکه ته‌واو ده‌بن، ته‌شقی هه‌وا ده‌شکێ‌و زه‌وی له ناخه‌وه گه‌رم دادێت. له‌سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه‌دا بای وه‌عده هه‌ڵی ده‌کاتێ‌و ده‌فر ده‌فر به‌فر ده‌توێنێته‌وه.
ده‌ردی دڵ بۆ کێ به‌یان که‌م، دڵ که‌نالاوێته‌وه‌
ئه‌و گڕووی گرتوویه‌ چی بکه‌م، بێ تۆ ژیر نابێته‌وه‌
به‌فری به‌فرانباره‌ بێ بای وه‌عده‌ قه‌ت ناتوێته‌وه‌
ئه‌ی خودا که‌نگێ ئه‌زیزی ئه‌و دڵه‌ی من دێته‌وه‌
هینیدێکیش ده‌ڵێن:
به‌فری ئادارێ، ده‌بارێ تا سه‌ر لکی دارێ، نامێنێ هه‌تا ئێوارێ
که‌وابوو له‌و مانگه‌شدا هه‌م به‌فرو هه‌میش باران ده‌بارێ به‌ڵام وا دیاره به‌فره‌که خۆ ناگرێ‌و خێرا ده‌توێته‌وه.
هه‌تاوێکی سه‌رما بردوو، به‌ره به‌ره خۆ ده‌رده‌خات. کاتێ له په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌کانه‌وه دیته‌ ژوور، وه‌هه‌تاوێکی ڕاستی‌و پڕ گڕوتین ده‌چێ. به‌ڵام له‌ده‌رێ ئاوا بڕناکات. ئه‌گه‌رچی کاتێ سێره له به‌فر ده‌گرێ، شوێنه ته‌نکه‌کان ده‌توێنێته‌وه. چۆڕچۆڕه‌ی ده‌وڵاتی ده‌خا وپه‌ڵه‌‌و ڕه‌شایی ده‌رده‌که‌وێ.
یه‌که‌م گیاێک که له ڕه‌شه‌مه‌دا له پنجه‌وه گه‌رم دادێ‌و به‌فری ده‌ورو لێواری خۆی ده‌توێنێته‌وه، «ئاڵه‌کۆک»ـه. ده‌ڵێن: ئاڵه‌کۆکه پرچنه، چۆڕچۆره‌ت که‌وته بنه، چیتدا له‌و ماڵ‌و ژنه...
ورده ورده سریوه‌‌و جریوه‌ی مه‌لان ده‌بیسرێ‌و موژده‌ی به‌هارو نوێبوونه‌وه‌ی ساڵ ده‌درێ.
تا به‌م جۆره جارێکی دیکه، به‌هار ده‌ست پێده‌کاو ئاڵای ئازادی‌و رزگاری له‌ ده‌ست سپای سه‌رما له سه‌ربانی مام نه‌وڕۆز هه‌لده‌درێ‌و بیره‌وه‌رییه‌کانی زستان به ئاگری نه‌ورۆز ده‌سپێردرێ

   مێژووی:- ناوی مانگه‌ كوردییه‌كان بزانه‌